گوڵەندام ئەی تەنافی گەردەنم زوڵفی پەرێشانت.
عیلاجێ! چارەیێ! ڕوحمێ! ئەمان دەستم بە دامانت.
غەریبی تۆم، نەخۆشی تۆم، بە گۆشەی چاوی بیمارت.
ئەسیری تۆم، شەهیدی تۆم، بە نووکی تیری موژگانت.
ئیشارەت ئافەتی ڕۆحم، کەلامت غارەتی دینم.
تەبەسسوم سیحری لێوانت، تەکەللوم ڕەمزی چاوانت.
مەگەر سەر تا قەدەم زوڵفت وەکوو من خاو و شێواوە.
کە سەرگەردان و سەودایە لە سەر چاکی گەریبانت.
دەڵێی شەککەرفرۆشی شاری میسرە وا بە شیرینی.
بنازم! خاڵی وەک هیندوو لە گۆشەی لێوی خەندانت.
لەبەر چاوت بگریێم، یا لە دەست تۆ داد و هاوار کەم؟
لەبەر نەیڕەنگی مەستان؟ یا لە سیحری ڕەنگی دەستانت؟
لە دادی من بپرسە جارێ ئەی سوڵتانی عیشوە و ناز.
بە ناحەق بۆچی بمکوژێ ئیشارەی چاوی فەتانت؟
((وەفایی)) کەوتە حەڵقەی زوڵفت، ئیدی مەیدە بەر
موژگان.
کە من کوشتەی تەنافت بووم، چ لازم تیرەبارانت؟