زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بەڵاوە.
ئەمڕۆ لە منی شیفتە ئاڵۆز و بە داوە.
عومرێکی درێژە بە خەیاڵی سەری زوڵفت.
سەودا و پەرێشانم و سەودایەکی خاوە.
هەرچەندە کە ڕووتم بەخودا مائیلی ڕووتم.
بێبەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە.
مانی نییەتی قووەتی تەسویری برۆی تۆ.
ئەم قەوسە بە دەستی موتەنەففیس نەکشاوە.
بۆچی نەگریم سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنێ.
بۆ مەی نەڕژێ شیشە لە سەد لاوە شکاوە.
بێفائیدەیە مەنعی من ئێستاکە لە گریان.
بۆ ئاشقی بێچارە زووەم ئاوە ڕژاوە.
سۆزی دڵمە باعیسی تاو و کوڵی گریان.
مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە.
(نالی)
------------------------
بە دەردێ موبتەلا بووم جاهیل و دانا کە حەیرانن
مەگەر چاوی نەخۆشی تۆم نە مەخموورم نە هۆشیارم؟
گەهێ سووتاوی ئەبرووتم، گەهێ پابەندی گیسووتم
لە لایەک ڕوو لە میحرابم، لە لایەک ڕوو بە زوننارم
وەسییەت بێ کە مردم تەخت و تابووتم لە عەرعەر کەن
هەتا عالەم بزانێ من شەهیدی قامەتی یارم
(وەفایی)