خەتتی دەوری لێوی ئاڵت ئەی مەسیحا لام و بێ
هەر لە جامەی سەبز ئەچێ بۆ غەین و نوون و چیم و هێ
غونچه بازاڕی نەزاکەتداری و تەنگی شکاند
هەر کە زاهیر بوو لە دەوری باخی حوسنت لام و بێ
لەب شەکەر تاکەی لە حەسرەت خاڵی موشکینت، دڵم
داغدار و خەستە بێ وەک لام و ئەلف و لام و هێ؟
لالە ڕوخسارم لە سایەی ئەشکی خوێنین ڕەنگەوە
چونکە ڕووسوورم لە قاپی عەین و شین و قاف و تێ
عیشقت ئەی جانا، منی ڕیسوایی عاڵەم کردووە
چاکە ئینسافت ببێ بۆ ئەلف و سین و تێ و هێ
ئێستە بۆ لاف و گەزاف هەرکەس دەبینی ئاشقە
نەک هەمووکەس جانفیدا وەک میم و حێ و واو و یێ
((مەحوی)) ئەمڕۆ زۆر نەخۆشە قەت شیفای نایێ بە هیچ
گەر شیفای بێتن، بە بۆیی زوڵف و ئەو ئەگریجە دێ