ئەی دڵ وەرە هۆشیار ببە ئاوایە ڕێگەی ئاشقان
مەحوی جەماڵی یار ببە ئاوایە ڕێگەی ئاشقان
لەملاوە گریەی نای و نەی، لەولاوە خەندەی جامی مەی
ئاگر لە عالەم بەربدەی ئاوایە ڕێگەی ئاشقان
تا دڵ نەسووتێ دەم بەدەم، فانی نەبێ سەرتا قەدەم
پەروانە قەت ناگاتە شەم، ئاوایە ڕێگەی ئاشقان
گەر دڵگوشا بادی سەبا، شەرحی دڵم بۆ گوڵ نەبا
عومری ئەزیزم چوو بە با، ئاوایە ڕێگەی ئاشقان
دێوانە و سەودا سەرم، کوژراوی غەمزەی دڵبەرم
دڵ پڕ لە ئێشی نەشتەرم، ئاوایە ڕێگەی ئاشقان