شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەمشەو؟
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە بۆیە
لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو
کە تۆی شای کەجکوڵاهی دیدە مەستان
چ باکم قەیسەر و فەخفوورە ئەمشەو
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
سوروشکم نەخشی چاوی تۆ دەکێشێ
کەجێم سەر دارەکەی مەنسوورە ئەمشەو
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی
لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو